کورت دەربارەی ميژووی کۆمەڵە



دڵنیا ڕەحیم زادە


_بە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتوری و ئابووری لە ئاستی کوردستانی، ئێرانی و جیهانی و پێویستی سەردەمییانە ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی بەرابەر لەگەڵ ١٩٦٩ کۆمەڵێک لە ڕووناکبیر و خوێندکار و خوێندەوارانی کورد حیزبێکیان دامەزراند کە دواتر بە ناوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ناسرا.

کۆمەڵە، ناوەکەی لە خۆشەویستی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد واتە کۆمەڵەی ژێکاف، وەرگرتووە.

_لەو سەردەمەدا کە ڕژیمی پاشایەتی لە ئێرانی حوکمڕانی دەکرد و هەر جۆرە چالاکییەکی حیزبی و سیاسی قەدەغە کرابوو، بەناچار ئەو حیزبە بە شێوەی نهێنی و ژێرزەمینی لە چالاکییەکانی بەردەوام بوو.

_لە یەکەم دانیشتنەکانی ئەو سەردەمی دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ ٣ کەس بە ناوەکانی فوئاد مستەفاسوڵتانی، حەمە حسێن کەریمی و عەبدوڵڵا موهتەدی وەک دەستەی بەڕێوەبەری و ناوەندی ئەو حیزبە هەڵبژێردران. 

پایزی ساڵی ١٩٧٨ یەکەم کۆنگرەی کۆمەڵە لە دوو شاری سنە و نەغەد گیرا و تێیدا ٣ کەس وەک ئەندامانی ڕێبەری کۆمەڵە هەڵبژێردران کە بریتی بوون لە؛ فوئاد مستەفا سوڵتانی، عەبدوڵڵا موهتەدی و ساعید وەتەن دووست ناسراو بە مامۆستا برایم

_لە گەرەمەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی (١٩٧٩) لە کاتی چەک کردنی شارەوانی سەقز، کاک حەمە حسێن کەریمی بریندار دەبێت و پاش سێ ڕۆژ شەهید دەبێت. پاش هەڵسەنگاندنی ئەو سەردەمی سەرکردایەتی کۆمەڵە بڕیار دەدرێت ڕۆژی ٢٦ی ڕێبەندان بەرابەر لەگەڵ ١٥ی فێبریواری، ڕۆژی گیان بەخت کردنی هاوڕێ حەمە حسێن بکەن بە ڕۆژی ئاشکرابوونی چالاکییەکانی حیزبی کۆمەڵە و دواتر ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی کۆمەڵە ناسێنرا.

_کۆمەڵە بە باوەڕمەند بە چارەسەر کردنی ستەمی نەتەوایەتی و لێکهەڵپێکانی لەگەڵ بزووتنەوەی عەداڵەتخوازانە و دەستەبەر کردنی یەکسانی  هەر زۆر زوو بوو بە حیزبێکی خاوەن جەماوەرێکی بەرین لە هەموو کوردستان. زۆر زوو لە ڕێکخراوێکی نهێنییەوە بوو بە حیزبێکی گەورەی جەماوەری.

_کۆمەڵە  لە بۆشایی و نەبوونی هێزی سەرکوتگەری ناوەند ڕۆڵێکی کارای لە بەڕێوەبردنی شار و گوند و ناوچە ئازادکراوەکان بوو پاش ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی.

_هێزەکانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی لە نەورۆزی ساڵی ١٣٥٨ (١٩٨٠) هێرشیان کردە سەر شاری سنە. کۆمەڵە ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە ڕێکخستنی هێزی بەرگری جەماوەری خەڵکی کوردستان دژ بەو هێرشە. 

_هێزی بەرگری جەماوەری کوردستان لە شاری سنە ٢٤ ڕۆژ لە بەرامبەر هێرشی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی خۆڕاگری کرد و ئەرتەش شکستی خوارد.

_خومەینی ڕێبەری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامی پاش ئەو شکستەی ئەرتەش لە مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٥٨ هەیئەتێکی بە نوێنەرایەتی خۆی بۆ دان و ستان بۆ کوردستان نارد. حیزب و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کوردیان پێک هێنا کە لە لایەن کۆمەڵەوە فوئاد مستەفا سوڵتانی، دکتور جەعفەری شەفیعی و سدیقی کەمانگەر لەو هەیئەتە دا بەشدار بوون و عەبدوڵڵا موهتەدی سەرۆکی هەیئەتەکە بوو.

کۆمەڵە ڕۆڵی کارا و بەرجەستەی هەبوو لە هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ دان و ستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی .

_نوێنەرانی کۆمەڵە پاش دانیشتنی یەکەم لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی کە تەنیا ٤٥ خولەکی خایاند بەو ئەنجامە گەیشتن کە ئەم ڕژیمە مەیلی بە دانی مافەکانی گەلی کورد دا نییە و تەنیا مەبەستی لەو دانیشتنە  کڕینی کاتە بۆ خۆ تەیارکردن بۆ هێرشی دووبارە بۆ سەر کوردستان.

سەرکردایەتی ئەو کاتی کۆمەڵە بەم تێگەیشتنە بڕیاریدا لە ئەگەری هێرش بۆ سەر کوردستان، دەبێت بەرگری بکەن و هەر بۆیە لە هاوینی ساڵی ١٣٥٨ کۆمەڵە بڕیاری دا هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە پێک بێنێت و یەکەم فێرگەی پێشمەرگایەتی لە دارستانەکانی ناوچەی سەردەشت کردەوە. 

_کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ خومەینی لە ڕادیۆی ئێرانەوە فەرمانی جەهادی دژی گەلی کورد دەرکرد و فرمانی کرد بە هەموو هێزەکانی ئاسمانی، زەوینی و  تەنانەت دەریاییش کە هێرش بکەنە سەر کوردستان، لە کاتێکدا کوردستانی دەریایی نەبوو. پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ کاتژمێر شەشی پاشنیوەڕۆ سەرکردایەتی کۆمەڵە بڕیاری بەرەنگاری و وەستانەوەیان دژی هێرشی کۆماری ئیسلامی دەکرد.

_کۆمەڵە و هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە ڕۆڵی گەورەی لە بەرەنگاری و وەستانەوەی دژی هێرشی هەمەلایەنە و خوێناوی و سەرکوتگەرانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان نواند و گەلێک قارەمانییەتی تۆمار کرد و زیاتر لە ٣ هەزار شەهیدی لەو پێناوەدا داوە، جیا لەوەش زیاتر لە دەیان سەرکردە و کادری ئەو حیزبە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە تیرۆر کراون و کاک سدیقی کەمانگەر لە ناسراوترین سەرکردەکانی کۆمەڵەیە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە تیرۆر کرا.

_هێرشی ئەرتەشی تۆکمە و سپای ئیدئۆلۆژیکی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، سەرەڕای بەرەنگاری و فیداکاری و گیانبازی دەیان هەزار کەس لە پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان، بەناچار وای کرد کە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و باقی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ سەر سنوورەکانی کوردستانی باشوور پاشەکشە بکەن.

_ناکۆکییەکان لە نێوان حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە سەرەنجام وای کرد کرد شەڕێک لە نێوانیان ڕوو بدات کە بووە هۆی شەهید بوونی سەدان پێشمەرگەی کوردستان. جێی ئاماژەیە کە کۆمەڵە یەک لایەنە ئاگربڕی لەو شەڕە ڕاگەیاند.

ئەم ئەزموونە تاڵە دواتر لە لایەن هەر دوو حیزبەوە ڕەتکرایەوە و وەک خاڵێکی ڕەشی بزووتنەوەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەقەڵەم دراوە .

_بە پێی لێکدانەوە و تێگەیشتنی ئەو سەردەمی کۆمەڵە بۆ پێویستی یەکخستنی هێزی کرێکاران، بڕیاری دا کە لە پرۆسەی پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا بەشداری بکات. لە ڕۆژی ١٢ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٢ وێڕای کۆمەڵێک لە لایەنە چەپ و کۆمۆنیستەکانی دیکەی ئێران حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان پێکهێنا.

_بەشداری کۆمەڵە لە پرۆسەی دروست کردنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران گەورەترین هەڵەی کۆمەڵە بوو و جگە زیان و بەفیڕۆدانی وزە و توانای کۆمەڵە هیچ ئەنجامێکی نەبوو. پاش ١٧ ساڵ چالاکی و فیداکاری کۆمەڵە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، پاش هەڵسەنگاندێکی ڕەخنەئامێزی سیاسی لە ئەزموونی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە ببووە گۆڕستانی کادرە سیاسی، سەربازی و جەماوەرییەکانی کۆمەڵە، کۆمەڵە لە پاییزی ساڵی ٢٠٠٠ لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هاتە دەرێ و چالاکییە سەربەخۆییەکانی خۆی لە ژێر ناوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەست پێکردەوە.

_هاتنە دەرەوەی کۆمەڵە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە خوێندنەوەیەکی وردی سیاسی بە گەورەترین بڕیاری مێژووی کۆمەڵە دادەنرێت کە بوومەلەرزەیەکی سیاسی لە شانۆی سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات هێنا ئاراوە.

_کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ پاش کۆنفرانسی ساغکردنەوەی کۆمەڵە لە مانگی ٧ی ٢٠٠١ دا کۆنگرەی ٩ی خۆی بەڕێوە برد. لە کۆنفرانسی ٨ی خۆیدا لە هاوینی ساڵی ٢٠٠٢ دا سەرخەتی سیاسەتە نوێکانی خۆی  ڕوون کردەوە کە بریتی بوون لە؛ 

کارکردن بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی

_کارکردن بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی نەتەوە بندەستەکانی ئێران

_و کارکردن بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی دێمۆکراسیخوازانی ئێرانی

_هەوڵ  و تێکۆشانی کۆمەڵە لەو بوارانەدا ئەم ئەنجامانەی لێکەوتووەتەوە؛

واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی ستراژتێژی نێوان کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ٢٠١٢ دا

_پێکهاتنی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ساڵی ٢٠١٧ دا

_لە بواری کارکردن بۆ پێکهێنانی بەرەیەک لە نێوان نەتەوە بن دەستەکانی ئێران، ئەنجامەکەی بووەتە پێکهاتنی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ

_لە بواری کارکردن بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی دێمۆکراسیخوازانی ئێرانی، ئەنجامەکەی بەشداری کردنی کۆمەڵەیە لە چەند هاوپەیمانییەتییەکی لەگەڵ هێزە دێمۆکراسیخوازەکانی ئێران کە دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و بزووتنەوەکەی دا دەنێن و لە سەروو هەموویانەوە بەشداری لە شوورای مودیرییەتی گوزار لە جمهوری ئیسلامی بەرەو دێمۆکراتیزە کردنی ئێران.

_بوونی کۆمەڵە لەو هاوپەیمانییەتییەدا کە بە یەکێک لە بەهێزترین هاوپەیمانی دادەنرێت لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی وای کردووە کە لە ١١ کەس لە هەیئەتی بەڕێوەبەرایەتی ئەو هاوپەیمانییە ٤ کەسیان کورد بن. 

_کۆمەڵە لە کۆنگرەی ١٣ی خۆی دا ڕایگەیاند کە لە جەمسەرگیرییە جیهانییەکان خۆی لە سۆسیال دێمۆکراتەکانی نزیک تر دەبینێت.

_ڕۆژی ٣١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧ کاک سەعیدی موعینی ناسراو بە خانە بە مەئموورییەتێک لای هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو، لە دۆڵی دڕێ لە ناوچەی ماوت لە کوردستانی باشوور کەوتە بەرهێرشی ئەرتەشی بەعس و گیانی بەخت کرد. ئەو ڕۆژە بە نیشانەی یەکەم پێشمەرگەی شەهیدی کۆمەڵە بە ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە ناسراوە.

_کۆمەڵە یەکەم حیزبە لە هەموو پارچەکانی کوردستان کە بۆ یەکەم جار ژنانی بە شێوەی ڕێکخراو و چەکدار هێناوەتە ناو ڕیزەکانی خۆیەوە.

_کۆمەڵە یەکەم حیزب بوو لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٨ لە شاری مەهاباد یادی کۆماری کوردستانی بەرز ڕاگرت.

_کۆمەڵە یارمەتی دەر و پشتیوانێکی گەورەی بزووتنەوەی باقی پارچەکانی دیکەی کوردستان بووە. 

_کۆمەڵە دەوری باڵای هەبوو لە یارمەتی شۆڕشی نوێ لە کوردستانی باشوور،

٢٢ی گوڵانی ساڵی ١٩٨٦ لە دۆڵی بۆتە لە تۆڵەی یارمەتییەکانی کۆمەڵە بە بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی باشوور لە لایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە بۆردمانی شیمایی کرا و  ٢٦ کەس لە کادرەکانی کۆمەڵە شەهید کران.

٢٧ی ڕەشەممەی ساڵی ١٩٨٨، ٧١ پێشمەرگەکانی کۆمەڵە کە لە گوردانی شوان ڕێکخرابوون، هاوکات لەگەڵ بۆمبارانی شیمیایی شاری هەڵەبجە شەهید کران.

_کۆمەڵە پێشەنگ و یارمەتی دەری بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە پێناو دەستەبەر کردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد بوو لە کوردستانی ئێران و بە مامۆستای ئەو بوارە پێناسە دەکرێت.

_فوئاد مستەفا سوڵتانی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە، ڕێبەری ئەفسانەیی جووڵانەوەی جەماوەری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو کە کۆچی مێژووی خەڵکی شاری مەریوانی دژ بە داگیرکاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕێبەری کرد. 

_کۆمەڵە پێوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ بزووتنەوە ڕۆشنبیری و ئەدەبییەکان  هەیە.


ئه‌م بابه‌ته 1353 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:07:15/02/2020


زۆرترین خوێندراو