٥ی خەزەڵوەر، نیوسەدە خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵە بە بۆنەی ڕۆژی دامەزراندنی «کۆمەڵە»وە

ئەردەڵان فەرەجی

ئەمڕۆ ٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی ڕێک پەنجا ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵێک لە خوێندکاران و چالاکانی سیاسی کوردستانی ئێران لە دەوری یەکتر کۆبوونەوە و پاش چەندین کۆبوونەوە و ڕاگۆڕینیەوە دەربارەی ئەنجامی کارێک بۆ دۆخی ئەوسای کۆمەڵگای ئێران و کوردستان، بەردی بناغەی ڕێکخراو و ڕەوت و حیزبێکیان دانا کە دەواتر بە ناوی «کۆمەڵە»وە لە سەر شانۆی سیاسی کوردستان دەرکەوت.
دروست بوونی کۆمەڵە، وڵامدانەوە بوو بە سێ دۆخی جیهانی، ئێرانی و کوردستانی و لە هەمان کاتیشدا بەرهەمی کاریگەرییەکانی دۆخی جیهانی و ئێرانی و کوردستانی بوو بۆ پێویستی هاتنە مەیدانی وەک حیزبێک.
ساڵەکانی دەیەی ٦٠ی زایینی لە ئاستی جیهانیدا دەیە و سەردەمی هاتنە ئارای بیری ئازادیخوازی و بزووتنەوە خوێندکارییە پێشکەوتنخوازەکان، سەردەمی پەرەسەندی بیری چەپایەتی و بیری یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بە تایبەتی بزووتنەوەی کرێکاری لە ساڵی ١٩٦٨ لە پاریس کە دواتر لە ساڵی ١٩٧٠ لە ئیتالیا بەربەرینتر و گشتگیرتر بوویەوە، سەردەمی هاتنە ئاراو و شکۆفانە و داهێنانەکان بوو لە بواری میوزیک، سەردەمی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی فێمینیستی و سەردەمی بزووتنەوەی لاوان و دەستەبەر بوونی دەسکەوتی ئابووری، سیاسی و کولتووری بوو لە ئۆرووپا و لە ئەمریکا. سەردەمی شەق تێکەوتن لە باوەڕمەندی بە چەپی مۆدێلی سۆڤییەتی و تێپەڕبوونی کۆمەڵگای جیهانی لە تەکجەمسەری بوونی چەپایەتی مۆدێلی یەکێتی سۆڤییەت. سەردەمی گۆڕانکارییە گەورە جیهانییەکان بوو و یەک لەوانە شەڕی ڤێتنام و بەرەنگاری خەڵک ڤێتنام لە بەرامبەر ئەرتەشی ئەمریکا و دواجار شکست پێهێنانی ئەمریکا بوو و ...
بە ئاستی ئێرانیش لە دەیەی ٤٠ی زایینی، ئیتر ئۆپۆزیسیۆنی کلاسیک، سونەتی و کۆنەکان پێگە جەماوەرییەکەیان لە چاو ڕابردوو لەق ببوو. ئیتر حیزبی توودە و حیزبی جیبهەی میللی ئەو پێگە بەهێزە جەماوەرییەیان نەما. لەو سەردەمەدا ئەگەر کاری سیاسی و ڕێکخراویی و حیزبی لە قۆرغی کەسایەتی و بنەماڵە دەوڵەمەندە و بەناوبانگەکانی ئێران بوو، چیتر وا نەما و لاوان و پانتاییەکی بەرین لە لاوان و ژنان و خەڵکی مامناوەند و هەژاری کۆمەڵگاش دەیانتوانی خۆیان لە ڕیزی ڕیکخراو و ڕەوت و حیزبە سیاسییەکاندا بدۆزیبایەوە.
شای ئێران لە ساڵی ١٣٤١ و ٢ و ٣ی هەتاوی ئیسڵاحاتی ئەرزی کە بریتی بوون لە ئیسکانی عەشایر، دروست کردنی ڕێگەی ئاسن، تەقسیمی ئەرازی و کەشفی حیجابی ژنان لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە کۆمەڵگای ئێران بەرەو کۆمەڵگایەکی مۆدێرن ببات. ئەگەرچی کاریگەری کۆمەڵایەتی و کولتوری و ئابووری لە سەر کۆمەڵگا بوو، بەڵام ئەم ئیسلاحات و بە قەولی خۆی «ئینقیلاب»ـەی شا و خەڵک، یان سپی، دەسکەوتێکی ئەوتۆی لە بواری گەشەی سیاسی لە ئێراندا بە دووی خۆیدا نەهێنا، بەڵام گۆڕانکارییە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، گۆڕانێکی گەورەیان بە کۆمەڵگای ئێران بەخشی. ژنان توانیان هەندێک ماف دەستەبەر بکەن، چوونە پرۆسەی وەبەرهێنانەوە و لە ڕێگەی بەشداری کردنیان لە پرۆسەی وەبەرهێنان نیمچە سەرەبەخۆییەکای ئابووریان دەست کەوت، دەرفەتی ئەوەیان بوو کە بچنە بەرخوێندن و قۆناغی بەرزی زانستی لە زانستگا ببڕن و کۆی ئەوانە گۆڕانی گەورەی لە کۆمەڵگای ئێران پێک هێنا.
لە ئاستی کوردستانیش بە دوای نوشستی شۆڕش و بزووتنەوەی کورد پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مهاباد، کۆمەڵێک لە کادر و چالاکانی سیاسی کورد، لە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کومیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان پێک هێنا، کە لەو بڕوایەدا بوون بۆ ڕچلەکاندن و دانی شۆکێک بە کۆمەڵگای کوردستان پێویستە کارێک ئەنجام بدەن و بەداخەوە ڕێبەران و لایەنگرانی ئەو بزووتنەوەیە بە شەهید بوون و گیان بەختکردنیان شکستی خوارد، بەڵام ڕەنگە پەیامەکەیان کە بریتی بوو لە پێکدان شۆکێک بە کۆمەڵگای کوردستانی ئەو کات سەرکەوتوو بوون وای کرد کە کۆمەڵێک لە گەنجان و خوێندکاران و چالاکانی سیاسی و ئەدەبی و کولتوری و کۆمەڵایەتی کوردستان بۆیان بوو بە سەرمەش و «کۆمەڵە» ئیلهامی لەو حەرەکەت و جووڵەیە وەرگرت.
لە دیوی کوردستانی باشووریش، شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێکردبوو کە دواتر شکستی خوارد، بەڵام هەوێنی پەرەسەندنی بیری نەتەوەیی بوو لە کوردستانەکان و کاریگەری گەورەشی لە سەر چالاکانی سیاسی کورد بوو لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. هێنانە گۆڕێی ئەزموون و دەرسەکانی کۆماری کوردستان و لێکدانەوەی کەم و کوڕییەکان و لە هەمانکاتدا لێکدانەوەی دۆخی ئەو سەردەمی جیهان و ئێران و لەبەرچاو گرتنی دۆخی ئەوڕۆژانەی کوردستان، بەردی بناغەی کۆمەڵەیان داڕشت.
ئێستا لە یادی پەنجا ساڵەی خەباتی ئەو ڕێکخراوەی کە شەوی ٥ لە سەر ٦ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی بەردی بناغەی دامەزرا، بۆتە هێزێکی گەورە، کاریگەر و پێشەنگ لە کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات. لە ماوەی ئەم پەنجا ساڵەی ڕابردوو نەک هەر جیهان، بەڵکوو ئێران و کوردستان گەلێک گۆڕانی گەورە و بنەڕەتیان بە خۆیانەوە بینیوە، بەڵام کۆمەڵە توانیویەتی وێڕای هاوتەریب کردنی لەگەڵ گۆڕانە خێرا و بەرچاوەکان، کاریگەری حاشاهەڵنەگری لە سەر زۆرێک لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوورییەکانی کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات داناوە.
حیزبێک کە کۆمەڵەیەکی دە کەسی بەدری بناغەکەیان داڕشت، بەڵام ئەمڕۆکە خاوەن پێگەیەکی بەرینی جەماوەرییە لە کوردستان و چەندین هەزار شەهیدی پێشکەش بە بزووتنەوەی ڕەوا و ئازادیخوازانەی گەلی کورد کردووە، بە دەیان هەزار و بگرە سەدان هەزار چالاکی سیاسی لە خۆی پەروەردە کردووە و بۆتە مەکتەبێکی گەورەی سیاسی و کوردایەتی و بێ ئیغراق و خۆهەڵکێشان بە پێوەری گوفتمان و گوتارسازی لە سەر بەرژوەندی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، جەماوەری ترین حیزبی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە.
دەستەبەر کردنی ئەم پێگەیە بێ باج و بێ کەم و کوڕی و هەڵەش نەبووە. کۆمەڵە بە لێکدانەوەی خۆی لە سەردەمێکدا لە پێناو بەرژەوەندی و مەسڵحەتی بەرەی ئازادیخوازی و بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، لە پرۆژەی پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دا بەشدار کرد، بەڵام پاش ١٧ ساڵ، بە لێکدانەوەی ئەزموونی خەباتی کۆمەڵە لە چوارچێوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ڕای وا بوو کە ئەو ئەزموونە (حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) ئەزموونێکی شکست خواردووە و تەنیا کاریگەرییەک کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەیەتی، دوور خستنەوەی کۆمەڵە لە پرسە گرنگ و چارەنووس سازەکانی کوردستانە، بە فیڕۆ و هەدەر دانی وزە و ئینرژی کۆمەڵەیە کە هیچ سوودێکی بۆ ئاڕمانەکانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد نییە و هەر بۆیەش بڕیاری دا کە _ئەگەر لە پرۆسەیەک دا بەشداری لە پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی کردبوو، بە پرۆسەیەکدا لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بێتە دەرێ، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک لەو کادرانەی کۆمەڵە لەگەڵ ڕەوتی ساغکردنەوەی کۆمەڵە نەکەوتن (ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی) و بەردەوام پێیان وا بوو کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، جوابدانەوەیە بە دۆخی ئێستای بزووتنەوەی کۆمۆنیستی ئێران و کەماکان بوو بە گۆڕستانی کادرە کۆنەکانی کۆمەڵە.
بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی پەنجا ساڵەی کۆمەڵە دەردەکەوێک کە کۆمەڵە چ دووڕێکی گرانبەهایە بۆ بزووتنەوەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. کۆمەڵە بە بوونی ڕێبەری و دەزگایەکی فیکری تایبەت بە خۆی گەلێک دیاری بەنرخی پێشکەش بە بزووتنەوەی گەلی کورد کردووە کە بۆ هەمیشە وەک میدالیا لە سەر سنگی کۆمەڵە دەدرەوشێنەوە.
کۆمەڵە بە خۆشەویستی «کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد» ناوی خۆی نا کۆمەڵە و خۆی بە میراتگری ڕاستەقینەی کۆماری کوردستان وەک درەوشاوەترین ئەزموونی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەزانێت دەزانێت.
کۆمەڵە هەوێنی سیکۆلار و دێمۆکراسی بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد بەخشی. کۆمەڵە بەبێ ڕاڕایی و ڕاشکاوانە باسی لە سیکۆلاریزم کرد و پێی وابوو کە پێگەی دین وەک ئەرکێک کە لە بازنەی مافی تاک دایە. بەو واتایە کە پرسێکە کە لە تاکەوە دەست پێدەکات و هەر بە تاکیشەوە کۆتایی دێت و ناپێویست و زیان بەخشە ئەگەر ئاوێتەی سیاسەت بکرێت. کۆمەڵە پێی وابوو کە بزووتنەوەی کورد دەبێت بزووتنەوەیەکی دێمۆکرات بێت و لە ماوەی ئەم ساڵانەی تەمەنی خەبات و تێکۆشانی دا پارێزەری بەهێزی ڕەهەندی دێمۆکرات بوونی بزووتنەوەی کوردستان بووە.
کۆمەڵە بە باوەڕمەندی بە هێزی بەرین و بەرفراوانی ژنان، ڕێکی خستن و ژنان بۆ یەکەم جار لە مێژووی هەر چوارپارچەی کوردستان بوون بە «پێشمەرگە». لە کاتێک دا کە کۆمەڵگای کوردستان نەک هەر لە کوردستانی ئێران، بەڵکوو لە باقی پارچەکانی دیکەی کوردستان نوقمی کولتوری پیاوسالاری بوو، کۆمەڵە بێ سڵ کردنەوە لەو تۆمەت و بوختانانەی کە بۆی هەڵبەسرا، یەکەم حیزب بوو کە ژنانی چەکداری کردەوە و «پێشمەرگەی ژن» بۆ یەکەم جار لە کۆمەڵەوە پێشکەش بە بزووتنەوەی گەلی کورد لە هەر چوار پارچە کرا.
جێی خۆیەتی لێرە بیری نەسڵی نوێی خەباتکاری کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بخەینەوە کە کۆمەڵە گەلێک تایبەتمەندی و سیاسەت دروست و حەکیمانە، بەنرخ و بەسوودی پێشکەش بە  بزووتنەوەی گەلی کورد کردووە. لە هێنانی دروشمی گونجاوی سەردەم و گەڕانەوەی ئەخلاق بۆ سیاسەت لە کوردستانی ئێران و ... کۆمەڵە حیزبی ئیبتکارات و داهێنانی جەماوەریی بووە و هەر دەشمێنێتەوە. نوێ خوازی و سەردەمی بوون یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی کۆمەڵەیە.
لە تاقەتی ئەم وتارە بەدەرە، بەڵام خاڵێکی گرنگ کە لەم یادەدا جێی ئاماژەیە ئەوەیە کە کۆمەڵە گوتار و گوفتمانی ڕۆژهەڵات تەوەریی پێشکەش بە بزووتنەوەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کردووە. بە تایبەتی بە دوای هاتنە دەرەوەی کۆمەڵە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ساغ کردنەوەی کۆمەڵە. ئەوەی بەو بڕیارە گرنگ و مێژووییە درا ئەوە بوو کە کوردستانی ڕۆژهەڵات کە ببوو بە کەیکێکی خۆشمەزە لە بەر دەستی هێزێکی دەرەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە خاوەن ئەجێندای جیاوا لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانی ئێران بوو دەرهێنا. ئەو بوومەلەرزەیەی کە کۆمەڵە بەهاتنە دەرەوەی لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وەڕێی خست، هەموو هێزەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی وەخەبەر هێنایەوە. ئەوە کۆمەڵە بوو جارێکی دیکە هێزی وەبەر حیزب و لایەنەکانی دیکەی کوردستانی هێنایەوە کە چی دی پاشکۆی باقی پارچەکانی دیکەی کوردستان نەبن و خۆیان خاوەنی بەرژەوەندی و تایبەتمەندی خۆیانن.
کۆمەڵە ئەرک و ڕاسپاردەی گەورە و گرانی لە سەر شانە، بە دڵنیاییەوە نەک لە ڕوانگەی کەسێکی کۆمەڵەییەوە، کە تەنیا مەدح و بەسەردا هەڵدان بێت، بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران بێ کۆمەڵە بۆشاییەکی گەورەی تێ دەکەوت. کۆمەڵە بەشێکی سەرەکی، حاشاهەڵنەگر و پێویستی بزووتنەوەی گەلی کوردە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ گەیشتن بە ئامانج و مافەکانی.
 



ئه‌م بابه‌ته 549 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:58:04/11/2019


زۆرترین خوێندراو