باشترین یارمەتی «ڕۆژهەڵات» بە «ڕۆژاوا» چییە؟

باشترین یارمەتی «ڕۆژهەڵات» بە «ڕۆژاوا» چییە؟


 

 ئەردەڵان فەرەجی


مەبەستی ئەم نووسراوە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندی ڕووداو و پاشهاتەکانی ڕۆژئاوا نییە. حاشا هەڵنەگرە لە مەحکووم و ئیدانە کردنی هەر کوشتن و داگیرکارییەک ئەرکی سەر شانی هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازە و هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا بە هەر پاساوێک مەحکووم و جێی سەرزەنشتە و ئەمە لە یاسا سەرترە و پرەنسیپی هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازە. ئەوەی کە جێی تێڕامانە لێرەدا دەست نیشان کردنی دەسکەوتەکان و چۆنییەتی گەیاندنی باشترین یارمەتییە بەو پارچەیە لە جەرگی نیشتمانمانە.

دەسکەوتەکان؛

بە دوای ئەو هێرش و داگیرکار و کوشتن و ئاوارەییە هەموو کوردان و بە تایبەتی کوردانی دەرەوەی وڵات بە ڕێکخستنی خۆپیشاندان پرۆتێستۆ کردنی ئەو هێرش و داگیرکارییە توانیان سەرنجی ڕای گشتی سیاسی و کولتوری و فیکری و کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئۆرووپا بۆ پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا ڕا بکێشێت.

ئەم هێرش و داگیرکارییە و ئەو خۆپیشاندانە جەماوەرییانە کوردی وەک گەل و نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو و مافخوراو بەجێی پشتیوانی بە ڕای گشتی جیهان ناساند و لەم ماوەیەدا کەم نەبوون ئەو سەرۆک و سیاسەتمەدار و بیرمەند و کەسایەتییانەی وێڕای خەڵکی ڕۆژئاوایی کە لە پشت کوردەوە وەستان و پشتیوانیان لە کورد کرد.

ئەزموونی هاوبەشی جەماوەر لە سەر شەقام

ئەم نووسینە زۆرتر ڕوو لە کوردی ڕۆژهەڵاتە و بۆیە ئەم خاڵە جێی ئاماژەیە کە بوونی دەرفەتێک بۆ دروست کردنی ئەزموونێکی هاوبەش پێکەوە و تێکڕا لەگەڵ لە سەر شەقام لە دۆخە نادێمۆکراتیک و کەشی داپلۆسینەری ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەسکەوتێکی گەورەیە. دیارە لەم بوارەدا دەبێ دەرووناسان، خەڵک ناسان و کۆمەڵناسان لە سەری بدوێن، بە دڵنیاییەوە بە سەدان گەنج و مێرمنداڵ کە بۆ یەکەم جار ئەزموونی هاوبەشی لەو چەشنە دەکەن، چەخماخەیەک لە مێشکیان لێ دەدرێت و وەک یەکەم ئەزموونی پێکەوەیی سیاسی کاریگەری گەورە و قووڵ لە دەروونیان پێک دێت. لە دەروون ناسیدا خاڵێک هەیە کە بە خاڵی وەرچەرخان دادەنرێت، کە ئەمە ڕەنگە لە دایک بوونێک، مەرگێک، ڕووداوێکی گرنگ لە ژیاندا بۆ هەر تاکێک ئەو خاڵە پێک دێنێت. ئەزموونی تێکڕای جەماوەر لە سەر شەقام ئاراستەی زۆرێک لە مێرمنداڵان و گەنجان و تەنانەت کەسە باڵغ و پێگەیشتووەکان دەگۆڕێت. بۆیە لەم ڕەهەندەوە بوونی دەرفەتی ئامادەیی وێکڕایی جەماوەر لەسەر شەقام دەسکەوتێکی گرنگە بۆ جەماوەر و نەوەی نوێی خەباتکاری کورد.

تێبینییەکان؛

لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە ئێران شەپۆلێکی بەرین هەر لە کۆنە پاسدار و عوزوی مەجلیس ئیسلامییەوە بگرە تا خەڵکی ئاسایی و چالاکی مەدەنی و سیاسی کەوتە پشتیوانی کردن لە خوشک و برا بە پیر و منداڵەوە لە کوردستانی ڕۆژئاوا. بەڵام لێرەدا چەند خاڵ جێی سرنجن؛ چۆنە کە پاسدار و کۆنەپاسدار و عوزوی مەجلیس شورای ئیسلامی و چالاکی ڕوو سوور و سەربەرز مەدنی و سیاسی و ... لە یەک ڕیز دا خۆیان دەبیننەوە؟ ئایا ئەو خاڵەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا –مەحکووم کردنی کوشتن و داگیرکاری- ئەوانی لە یەک ڕیز و سەفدا یەکخستووە؟ ئەوسا دەبێت ئەوە پرسیارە لە خۆمان بکەین و یان بەو قەناعەتە بگەین کە پاسدار و کۆنەپاسدار و قەسیمی عوسمانییەکان لە بەرەی داکۆکیکانی ئازادی و دژی داگیرکەری و کوشتنن. کە بە دڵنیاییەوە وا نییە و مێژوو و ڕابردووی ئەو زاتانەش سەلمێنەری ئەم ئیدیعایەیە.

بەچاوخشاندنێکی خێرا بە سەر پرسی هاوپشتی و هاوخەباتی و هاوسۆزی کوردی ڕۆژهەڵات و بزووتنەوەکەی لەگەڵ باقی پارچەکانی دیکەی کوردستان ئەوە دەردەکەوێت کە گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەموو کات لە پێشەوە ئەو پرسەوە بووە و زیادی کردبێت کەمی نەکردووە. هەر یارمەتی گەیاندن بە دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێ لە کوردستانی باشوور کە ئەم کیانە سیاسییەی ئەمڕۆ ئێستا لە هەرێمی کوردستان قەرزداری ئەو هەڵگیریسانەوەی شۆڕشەیە تا باوەش بۆ کردنەوەی خەڵکی کوردستانی باشوور لە کاتی کۆڕەوەکەدا. تا یارمەتی کردن بە ئاڵای ڕزگاری کوردستانی تورکیا و یارمەتی گەیاندن بە پارتی کرێکارانی کوردستان لە ساڵەکانی دەیەی ٨٠ی زایینی. تا پشتیوانی لە بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا لەماوەی چل، پەنجا ساڵەی ئەم دواییەی خەباتی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و نموونەی ورد و درشتی دیکە لەو بارەیەوە زۆرن، کە هەرچی کراوە لەجێی خۆیدا بووە و شایستەی ستایش و پێزانینە و ئەگەر لە لەوەشمان زۆرتر لە دەست هات ئەرکە لە سەر شانمان هەر دەبێ بیکەین.

پرسیار ئەوەیە باشترین ڕێگە بۆ یارمەتی گەیاندن و پشتیوانی کردن لە کوردستانی ڕۆژئاوا چوونە سەر شەقامی شارەکانی سنە و بۆکان و ورمێ و کرماشان و ئیلام و مەریوان و سەقزە و «مەرگ بەر ئامریکا» وتن و جنێو دانە بە ئەم و ئەو؟ نەکڕین و بایکۆت کردنی کاڵای تورکییە؟

«مەرگ بۆ ئەمریکا؟»

ڕێکخەرانی ئەو خۆپیشاندانە بە کەڵک وەرگرتن لە میدیا و چەواشەکردنی ڕای گشتی کوردی ڕۆژهەڵات، وا دەریدەخەن کە گۆیا ئەمریکا پشتی لە کورد کردووە و بۆیە دەبێت مەرگ بە ئەمریکا بدەن. ترامپ دەڵێت؛ «ئێمە بۆ ئەو یارمەتییەی کە کوردەکان بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان (جیهانی) کردوویانە چەک و پارەمان پێداون و زۆرمان پێ نەدابێتن، کەممان پێ نەداون.» ئەمە ڕاستییەکی تێدایە کە دەبێ بی بینین. ئەمریکا لە کوێ و تەنانەت لە سەر هیچ پەڕە کاغەزێک ڕیکەوتن و هاوپەیمانییەتییەکی لەگەڵ کورد واژۆ کردووە؟! کە گۆیا ئەمڕۆ لێی پاشگەز بوو بێتەوە. هەموو دەزانن کە ئەمریکا و هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان بە پێی بەرژەوەندی وڵاتەکەی خۆی سیاسەت و هەڵسووکەوت دەکات و ئەمریکاش هەر وای کردووە. بەڵێ ئەمە دەرفەتێک بوو کە کورد بتوانێت لەو ململانێ جیهانی و ناوچەییانە کەڵکی پێویست و بە ئاراستەی بەرژەوەندی خۆی و بزووتنەوە و گەلەکەی کەڵکی لێ وەربگرێت. بەڵام ئەگەر سەرکردایەتی ئەو بەشە لە کوردستان (کە کەمیش جێی تێبینی نین، لەوانە پێش گرتن بە دروست بوونی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردی لە سوریا) نەیتوانیوە لەو دەرفەتە کەڵک وەربگرێت، تاوانەکەی دەبێ خەڵکی دیکە بیدات؟! ئەوکاتە کە هێزە کوردییەکانی دیکەی کوردستانی سوریا لەناوخۆی وڵاتەکەیان هێزی چەکدار و پێشمەرگەیان پێک هێنابوو، ڕێگەیان لێ گیرا کە خەبات بکەن و بەشدار بن لە بەرگری لە خاک و نیشتمانی خۆیان، بەڵام بە بیانووی ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی، ڕێگەیان پێ نەدرا و هەڵوەشانەوە، ئەمڕۆ داوا دەکرێت کە ئەحزابی خاوەن هێزی چەکدار و پێشمەرگەی پارچەکانی دیکەی کوردستان بچن شەڕ بکەن؟!

بایکۆت کردنی کاڵای تورکی

ئەزموونی بایکۆتی کاڵای دوژمنان، مێژوویەکی کۆنی هەیە و تێشی دا سەرکەوتنی گەورە و سەربەخۆیی گەورە هاتۆتە دی. ماهاتمان گاندی تا ئەو کاتەی کە کارگەکانی ڕستن و چنینی وڵاتەکەی نەگەیشتنە ئەو ئاستەی کە قوماش و پۆشاک بۆ خەڵکەکەی وەبەر بێنێ، لە پۆشینی قوماشی بێگانە خۆی بوارد و ئەمڕۆکە هیندوستان یەکێک لە گەورە بەرهەمهێنەرانی پارچەیە لە هەموو جیهاندا. یان ئەو کاتەی کە ژاپۆنییەکان بە دوای جەنگی جیهانی دووەم ئەو شکستە گەورەیەیان خوارد، خۆیان لە پۆشینی پێڵاوی بێگانان بوارد تا ئەوکاتەی توانیان دەرزی و کەرەستەکانی دروست کردنی پێڵاو بەرهەم بێنن. ئەمە ڕەنگە دوو نموونەی سەرکەوتووی بایکۆت بێت، بەڵام ئەوەی ڕەنگە ئەمڕۆ زیاتر لە هەر بابەتێکی دیکە کاری بۆ دەکرێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرچاو بێت، مەسەلەی بایکۆتی کاڵای تورکییە لە لایەن کوردەکانی دوو پارچەوە.

ئەوە ڕاستە کە بەهێز بوونی ئابووری هەر وڵاتێکی کار دەکاتە سەر توانای سەربازی و بەهرەمەندی لە چەک و تێکنۆلۆژی سەربازی ئەو وڵاتە.

ئاشکرایە کە بایکۆت کردنی کاڵا و بە گشتیی «بایکۆت» ئەمڕۆکە بۆتە مۆدێلێکی باوی شەڕی نەرمی لایەنەکان تەنانەت لە ئاستی وڵاتانیش و ئێمە شاهیدی ڕەچاوکردنی ئەم شەڕە نەرمەین کە شێوازێکی دڵخوازی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانە و کاریگەری بەرچاویشی بووە و دەبێت.

ئەوەی لە پێوەند لەگەڵ بایکۆتی کاڵای تورکی لە لایەن کوردانی ڕۆژهەڵات و باشوورەوە پروپاگەندەی بۆ دەکرێت جێی سرنجە، ئەوەیە، ڕاستە لە وڵاتانی ئۆرووپایی و ئەمریکایی کە جۆراوجۆری شمەک و کاڵا بوونی هەیە و بژاردەی زۆر لە بەردەست دایە لە بەرامبەر کاڵای تورکی، بەڵام ئایا لە باشووری کوردستانی ڕۆژهەڵات و کوردستانی باشوور ئەو جۆراوجۆری و بژاردەیە لە بەرامبەر کاڵای تورکی بوونیان هەیە؟ ئاشکرایە کە بازاڕی هەرێمی کور ستان بە دەست دوو دەوڵەتی دراوسێ واتە ئێران و تورکیەوەیە. لە ئەگەری بایکۆتی کاڵای تورکی، کڕیار بۆ کاڵا ئێرانییەکان زۆر دەبێت. ئایا ئەمە ڕاستە لە پێناو هەر جۆرە تێگەیشتنێک دا، برەو بە کاڵای ئێرانی بدرێت؟ کۆماری ئیسلامی ئێرانێک کە بە پێی ئامارە ڕەسمی و ناڕەسمییەکان زیاتر لە ٨٠ بۆ ٩٠ کاڵا هەناردەکارییەکان لە قۆرغی سپای پاسداران دان. سەرەولێژ کردنی کڕیار بەرەو کاڵای ئێرانی، کار کردنە لە پێناو بەهێز کردنی ئابووری نەک ئێران، بەڵکوو ڕێک بەهێز کردنی ئابووری و باری دارای سپای پاسداران و سپای پاسدارانیش دەیکاتە خەرجی ئاژاوەگێڕی و شەڕەنگێزییەکانی لە ناوخۆی ئێران و لە ناوچەکە و تەنانەت بۆ جیهانیش. ئایا ئەو کوردانەی کڕیاری کاڵای ئێرانین و بازاڕگەرمی بۆ کاڵای ئێرانی دەکەن، خۆیان لە جینایەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران بە شەریک نازانن؟

جێی خۆیەتی کوردی ئێرانی ئەگەر جارێکی بیری کردووەتەوە بۆ ئەو کارە، بیکات بە دوو جار بیرکردنەوە و بزانێت کە بەم کارەی ئاو دەکاتە ئاسیاوی و ئاشی کێ؟

هەن ئەو کوردە خۆشەویستانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لە ئۆرووپا و ئەمریکا دەژین، بەڵام چالاکی بەرچاوی کەمپینی بایکۆتی کاڵای تورکین، بەڵام بۆ قوتووەکی سەوزی، «سەوزی خۆرشت» شارە و شار دەڕۆن، نازانن کە بەم کارەیان یارمەتی بە ئابووری کۆماری ئیسلامی دەکەن؟ جیالەوەش باس لەوە دەکرێت کە کورد لە تورکییە نزیکەی ٢٠ میلیۆن کەس و هەندێک جار باس لە ٢٥ میلیۆن کورد دەکرێت، بایکۆت کردنی کاڵای تورکی لە لایەن کوردانی باکوورەوە بەقەد بایکۆتی هەموو کوردانی جیهان کاریگەری لە سەر ئابووری تورکییە دادەنێت و هیوادارم و ڕەنگە ئەرکیش بێت، ئەوانیش بەم کەمپینە پەیوەست بن.

«ڕۆژهەڵات تەوەری»

ئەمڕۆکە لە فەزای گشتی کوردی دا گوتارێک لە ئارادایە کە بەدیلی هەموو گوتارەکانی دیکەی کوردەکانە. گوتارێک کە پێی وایە و دەیەوێت وا بنوێنیت کە «تورکیە» تاقانە دوژمنی هەموو کوردە، هەڵبەت ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ «کوردەکانی تورکیە»، بەڵام ئەوە ڕاست نییە بۆ کوردەکان ڕۆژئاوا، باشوور و ڕۆژهەڵات و مێژوو و ئێستاش هەر ئەوەمان پێ دەڵێت.

بە دوای ئەو سنووربەندییە «دوژمنکردە»ی لە سەر جەستەی کورد کێشراوە و کوردستان لە سەر دەستی دوژمنان بە چوار بەش، دابەشکراوە، بەڵام تێپەڕبوونی مێژوو وای کردووە کە کوردەکانی هەر پارچەیەک کە بەو وڵاتەی کە بەزۆر پێوەی لکاون، تایبەتمەندی خۆیان وەرگرن و وەک بزووتنەوەیەکی دادخواز و ڕزگاریخوازانە دژی دەسەڵاتی ناوەندی وڵاتەکەی خۆیان خەباتیان بکەن و خۆیان بۆ ڕێک خستووە و بۆی تێدەکۆشن. هەروا کە سەدام حسێن دوژمنی کورد بوو لە باشوور و لە ئێستاش دا هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ بەغدا لە کێشە دان، نەک لەگەڵ شوێنێکی دیکە. کوردەکانی ڕۆژهەڵات بۆ وەرگرتنی مافەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوون و خەباتی بۆ دەکەن، کوردەکانی ڕۆژئاواش دژی حافز ئەسەد و بەشار ئەسەد خەباتیان کردووە و دەبێ بیکەن و کوردی باکووریش لەگەڵ تورکیە بەرەوڕووە. گۆڕینی ئادرەسی دوژمنی کورد جیا لە کۆماری ئیسلامی و ڕژیمی بەعسی عێراق و سوریا و دانی ئادرەسی تورکیە کە ئەوە تاقانە دوژمنی کورد شاردنەوەی بەشێک لە حەقیقەت و ڕاستی پرسی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوەش نەباشەیە. هیچ کەس گومانی لەوە نییە کە کورد دەبێت هاوهەڵوێست و هاوخەبات و یەکگرتوو بێت، بەڵام سەرەولێژ کردنی هەموو وزەی کورد بۆ وێنە ڕۆژهەڵات بۆ باکوور، زیان بە بزووتنەوەی کورد دەگەێنیت. هەموو خەباتی گەلی کورد لە هەموو پارچەکان، خەباتە لە پێناو ئازادی چارەی خۆنووسینە. ئەی بۆ ئەو ئازادییە لە نێو پارچەکانی کوردستاندا نییە؟ بۆ ڕێز لە بەرژەوەندییەکان و ئازادی چارەی خۆنووسینی پارچەکانی دیکە ناگیرێت؟ ئەگەر پارچەیەک بە لێدانەوە و هەڵسەنگاندنی خۆی بەو قەناعەتە گەیشت کە دەبێت سەربەخۆ بێت، یان لە پارچەیەکی دیکە داواکاری و مافەکانی لە چوارچیوەی فێدراڵیزم یان ئۆتۆنۆمی و ... فوورموولە کردەوە، ئەرکە لە سەر شانی باقی پارچەکانی دیکە، هاوپشت و هاوهەڵوێستی بن و لە پێناوەدا هەر یارمەتییەکیان لە دەست دێت درێغی نەکەن، بەڵام ئەم سەربەخۆییە و ڕێزگرتنە لە دیاریکردنی چارەنووسی هەر پارچەیەک ئەسڵە بۆ ڕزگاری گەلی کورد لە هەموو پارچەکانیدا.

 

 


ئه‌م بابه‌ته 651 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:31:31/10/2019


زۆرترین خوێندراو