ترامپ؛ بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ زەریف "زۆر زوو"ە!

هەڵسەنگاندێکی ڕۆژنامەوانی بۆ ململانێکانی ئەم دواییانەی کۆماری ئیسلامی و ڕۆژئاوا


ڕۆژێک پاش سەردانی چاوەڕوان کراوی جەوادی زەریف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ شوێنی کۆبوونەوەکەی گرووپی جی ٧، دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا وتی؛ "زۆر زووە" بۆ ئەوەی چاوم بە زەریف بکەوێت.

دۆناڵد ترامپ جاریکی دیکە پێی لە سەر ئەوە داگرتەوە ئەگەرچی بە دوای گۆڕینی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵام خوازیاری ئێرانێکی "بەهێز"ە.

جەوادی زەریف ڕۆژی یەکشەممە سێی خەرمانان ٢٥ی ئاگۆست، بە ناوبژیوانی و کارئاسانی کردنی مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسە، سەردانی شوێنی کۆبوونەوەی ٧ وڵاتی پیشەسازی جیهان کرد و چاوی بە مەکرۆن کەوت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، سەردانەکەی زەریفیان بە "چاوەڕوان نەکراو" وەسف کردووە.

عەلی ڕەبیعی وتەبێژی دەوڵەتی کۆمای ئیسلامیش باسی لەوە کردووە کە سەردانەکەی زەریف "بە نهێنی و شاراوە نەبووە".

دۆناڵد ترامپ تا کوو ئێستا چەندین جار باسی لەوە کردووە  کە ئێرانییەکان خوازیاری گفت و گۆن، بەڵام نازانن لە کوێوە دەست پێ بکەن.

بە پێی زانیارییەکانی هەواڵنێری ڕۆیترێز ئێران لە ئێستادا ئامادەیە لەگەڵ ئەمریکا وت و وێژ بکات، بەڵام مەرجەکەی ئەوەیە کە ئەمریکا ئیزنی ئەوە بدات ڕۆژانە ٧٠٠ هەزار بۆشکە لە ڕۆژدا بفرۆشێت.

گوڵانی ساڵی ڕابردوو پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕیکەوتننامەی بەرجام کە کاتی خۆی دەوڵەتی باراک ئۆباما لەگەڵ ئێران و ٥ زلهێزی دیکەی جیهانی واژۆیان کردبوو، کۆمەڵێک گەمارۆی لە دوو قۆناغ دا دژی ئێران پەسند کرد.

ئەمریکا خۆی پێی دەڵێت "ئەوپەڕی گوشار". واتە ئەوپەڕی زەخت و گوشار بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ناچار کردنی بۆ واژۆ کردنی ڕیکەوتننامەیەکی دیکە دەربارەی چالاکییە گوماناوییەکانی کۆماری ئیسلامی. دۆناڵد ترامپ لەو بڕوایە دایە کە "بەرجام" ڕێ لە کۆماری ئیسلامی ئێران ناگرێت بۆ ئەوەی دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات بۆیە داوای ڕیکەوتننامەیەکی دیکە دەکات. ئێران ئەمریکای بە بێ بەڵێن وەسف کرد. ئەمریکاش بۆ ناچار کردنی کۆماری ئیسلامی دوو بواری سەرەکی ئابووری ئێرانی گەمارۆ دا؛ نەوت و سیستمی بانکی.

لە سەردەمی پاش واژۆ کردنی بەرجام ئێران ڕۆژانە ٢.٨ میلۆن بۆشکە نەوتی دەفرۆشت و جیا لەوەش بڕی ١٥٠ میلیارد دۆلاری بە کاش لە ئەمریکا وەرگرت.

هەفتەی ڕابردوو مایک پەمپێئۆ باسی لەوە کردووە کە ٢.٧ میلیۆن بۆشکە نەوتی ئێرانیان لە بازاڕە جیهانییەکان سڕیوەتەوە بە بێ ئەوەی کە گۆڕانێکی ئەوتۆ لە نرخی نەوت بێتە ئاراوە.

ئامارەکان لە ناوخۆی ئێران باس لە فەلەج بوونی ئابووری ئێران دەکەن. سەرەتا لە دوو قۆناغی ٦٠ ڕۆژەدا ئێران لە هەندێک لە بەڵێنەکانی لە بەرجام کشایەوە، بەو مەبەستەی بتوانێت گوشار بخاتە سەر ئۆرووپاییەکانی ئەندام لە بەرجام بۆ کردنەوە و کاراکردنی دەرکەیەکی بازرگانی کە "ئینستێکس" دەناسرێت. بەڵام ئۆرووپاییەکان بە توندی هۆشدارییان دایە ئێران کە نابێت لە بەڵێنەکانی بە بەرجام پاشگەز بێتەوە.

ئیمانیۆئێل مەکرۆن گۆیا گەڵاڵەیەکی بۆ کەم کردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پێشکەش بە ترامپ کردووە کە بە وتەی کاربەدەستێکی دەوڵەتی فەڕانسە چەند هەفتە کاری لە سەر کراوە.

گەڵاڵەکەی مەکرۆن "سڕکردن لە بەرامبەر سڕ کردن"ە. بە واتایەی کە پێویست ناکات ئەمریکا بگەڕێتەوە بەرجام و ئێرانش لە بەڵێنەکانی بە بەرجام پاشگەز بێتەوە، تەنیا هەوڵەکانیان لە دژی یەکتر ڕابگرن.

بە ئاگادار بوون لە کات و شوێنی دانیشتنی گرووپی ٧، بە پلان و بەرنامەی پێشوەخت زەریف لە سەر داوای خۆی، خۆی دەعوەتی وڵاتانی سکاندیناوی کرد و سەرەتا چووە سوئێد و پاشان نۆروێژ.

بەر لە دەست پێکی دانیشتنی گرووپی ٧ زەریف بە شێوەیەکی دوور لە عورفی دیپلۆماتیک و ڕەچاوکردنی پرۆتۆکۆڵە دیپلۆماتیکەکان گەیشتە فەڕانسە. بەر لەوەش ڕایگەیاند کە ڕووحانی و مەکرۆن پێکەوە بە تەلەیفوون قسەیان کردووە.

زەریف بە دەڵاڵی ماکرۆن بە نیاز بوو چاوی بە ترامپ بکەوێتەوە کە ترامپ زۆر سارد و ڕەق وڵامی دایەوە و وتی بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ زەریف زووە.

پێشووتر ترامپ ڕایگەیاندبوو کە چاوەڕێی پێوەندی بەرپرسی یەکەمی کۆماری ئیسلامییە لە تارانەوە بۆ وت و وێژ لەگەڵ ئەمریکا و بۆ ئەو مەبەستە بە شێوەی سیمبۆلیک ژمارە تەلەیفوونێکیشی لە باڵوێزخانەی سویس لە تاران کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران، ڕاگەیاند. بەو واتایەی ئەو تەنیا لەگەڵ عەلی خامنەیی وت و وێژ دەکات.

ڕۆژی شەممە عەلی خامنەیی لە دانیشتن لەگەڵ ئەندامانی کابینەی دەوڵەتەکەی ڕووحانی باسی لەوە کرد کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەمریکا وت و وێژ ناکات، هەڵبەت مەبەستی خامنەیی وت و وێژی ئاشکرا بوو. واتە بە ئاشکرا وت و وێژ ناکات، بەڵام ژێر بە ژێری و بە نهێنی ئامادەیە.

هەموو نیشانەکان باس لە بەچۆک داهاتنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەکەن. ئەمانە هەموولە ئاستی نێونەتەوەیی و لە سەر پارە و بەرژەوەندییە و مافی شارۆمەندانی ئێرانی هیچ شوێن و پێگەیەکی نییە. سەرکوت و دەستگیری و سەپاندنی حوکمی قورسی زیندان و ئیعدامی ڕۆژانەی خەڵکی ئێران، نیشانەیە لەوەی کە کۆماری ئیسلامی بەم زەربر و زەنگەی لە ناوخۆی دەینوێنیت، بە نیازە لەگەڵ دەرەوە بسازێت.

ئەم دۆخەی کە کۆماری ئیسلامی تێی کەوتووە، بێ گومان دەکرێ بە سازش و دانی ئیمتیاز بە وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی، تێی پەڕێنێت. ئەوەی لێرەدا دەبێتە قوربانی خەڵکی بەشمەینەتی ئێرانن. بۆیە دواجار ئەوەی دەبێت چارەنووسی کۆماری ئیسلامی یەکلای بکاتەوە، خەڵکی ئێرانن. بە وریایی و بە ژیری و بە لێکدانەوەی هەموو ئەگەر و سیناریۆ و ڕۆڵگێڕانی هەموو فارکتەرەکان، ئەوە خەڵکی ئێرانن کە دەبێت بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بدەن.


ئه‌م بابه‌ته 837 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:42:26/08/2019


زۆرترین خوێندراو