ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بەبۆنەی ١ی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار

ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا ڕێز لە ڕۆژی جیهانیی کرێکار دەگرین کە جیهان بەرەو گۆڕانکارییەکی قووڵ دەڕوات. پاندێمی کۆرۆنا، مۆدێل و شێوازی بەڕیوەبەرایەتی و ڕەوتی جیهانیبوونی خستووتە ژێر پرسیار و دەستکەوتەکانی نیزامی جیهانی ئێستا، نەیتوانیوە وڵامدەری دۆخی نوێ و قەیرانە گشتگیرەکان بێت. ئابووری جیهان بەرەو قەیران و ڕکودێکی گەورە دەڕوات و بەپێی بەراوەردەکان، جیا لەو کرێکارانەی کە ڕۆژانە حەقدەست وەردەگرن نزیکەی ٢٠٠ میلیۆن کرێکار لە داهاتوویەکی نزیکدا بێکار دەبن و ئاستی داهاتی سەدان میلیۆن کەسی دیکەش تا ڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کار، مووچەی نیوەی کرێکارانی جیهان کە زیاتر لە یەک میلیارد و شەسەد میلیۆن کەس دەخەمڵێندرێت، لەژێر کاریگەرییەکانی کۆرۆنا کەم دەبێتەوە. لەم قەیرانە ئابوورییەشدا زیاتر لە هەمووان، چینی کەم داهات و لاوازی کۆمەڵگا زەرەرمەند و هەژاران تووشی برسییەتی دەبن.

ئەم گرفتە جیهانییە، هاوتەریب لەگەڵ بارودۆخی تایبەتی ئێران کە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا کڵافێکی تێکئاڵاو لە قەیران و کارەسات و کێشەیە، دەبێتە هۆی گوشارێکی لە ڕادەبەدەر بۆ سەر کرێکاران و چینی زەحمەتکێش و کەم داهات. بە دەیان میلیۆن شارۆمەندی ئێرانی لەژێر هێڵی هەژاریدان و زۆربەی کرێکاران سەرقاڵی کاری وەرزی، ڕۆژانە و دەستفرۆشین. یاسای دادپەروەرانە، ئەمنییەتی پیشەیی، سڵامەتی شوێنی کار، بیمەی بێکاری، خزمەتگوزاری و پشتوانەی دەوڵەتی بوونی نییە. سەندیکا و یەکییەتییەکانی سەربەخۆی کرێکاری ڕێگەپێدراو نین و کوالیتی ژیان و ئاستی داهات و بژێوی کرێکاران بە درێژایی ئەم چوار دەیەیە، تا هاتووە ڕووی لە خراپبوون کردووە. ڕێژەی بەرزبوونەوەی ئاستی حەقدەست لەگەڵ هەڵاوسان نایەتەوە و توانای کڕین و گوزەرانی کرێکاران دابەزیووە. ئەمساڵیش بە نەریتی ساڵانی پێشوو شۆرای باڵای کاری کۆماری ئیسلامی ئێران یەک لایەنە و بە بێ بەشداربوونی نوێنەری کرێکاران، تەنیا 21٪ حەقدەستی کرێکارانی بۆ ساڵی 1399 هەتاویی زیاد کردوە و ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی ئامارە فەرمییەکان ئاستی هەڵاوسانی ساڵی پار 40٪ بووە، ئەمە بەواتای ئەوەیە کە سفرە و داهاتی کرێکاران نیوە کراوە. هاوکات لەگەڵ ئەمەش، چالاکانی مافی کرێکاری لە ئەگەری بە دواداچوون بۆ مافەکانیان لەگەڵ گوشار و گرتن ڕووبەڕوو دەبنەوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، بارودۆخی کرێکاران لە کوردستان زۆر زیاتر لەساڵانی ڕابردوو بەرەوە داڕمان ڕۆیشتووە. ڕۆانگەی سیاسی و ئەمنییەتی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە کوردستان و گرینگی نەدان بە ژێرخانی ئابووری و پیشەسازیی لە پاڵ نەبوونی کارگە و کێڵگەی بەرهەمهێنەر، بارودۆخی ژیانی کرێکارانی کوردستانی سەدان قات خراوتر کردووە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان کە بێگومان زۆر کەمتر لە ئاماری ڕاستەقینەیە، ڕێژەی مامناوەندی بێکاری لە سەرانسەری ئێران 10.6٪ ڕاگەیاندراوە کە پارێزگاکانی کوردستان لەوانە سنە بە ڕێژەی 20٪ لە پلەی یەکەمدا و پارێزگای ورمێ بە رێژەی 14.4٪ و کرماشان 17.8٪ بە زۆرترین ڕێژەوە پشکی شێریان وەبەرکەوتووە.  ئەم سیاسەت و تێروانینەی دەسەڵات بۆ کوردستان، هۆکاری بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی بێکاری و هەژاری بووە و ئەمەش خەڵکی ناچار کردووە بۆ بژێوی ژیان ڕووبکەنە کاری پڕ لە مەترسی کۆڵبەری، بەڵام لە دوای سەرهەڵدانی کۆرۆنا و داخستنی سنوورەکان، تەنانەت ئەم ڕێگاشیان لێ بەستراوە.

کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی لەهەموو کرێکارانی ئێران و کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، سیاسەتی هەڵاواردن و چەوساندنەوەی کرێکاران و سەرکوت و زیندانی کردنیان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە مەحکووم دەکات و هیواخۆازە کرێکاران بە شێوەی یەکگرتووانە و سیستماتیک بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان هەوڵ بدەن. بە دڵنیاییەوە ئێمەش وەک کۆمەڵە، پاڵپشت و پشتیوانیان دەبین بۆ مسۆگەر کردنی مافی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەردەوام دەبین و تێدەکۆشین بۆ بەدیهاتنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری و یەکسانیخوازی.


کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

١ی مەی ٢٠٢٠ی زایینی

١١ی گوڵانی ١٣٩٩ی هەتاوی


ئه‌م بابه‌ته 848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:36:30/04/2020