بەیادی فەرشادی موستەوفی، پێشمەرگەی دێرین و دۆستی دێرین

دوێنێ کە لە سەفەر هاتمەوە، بەسەر هەوالی زۆر ناخۆشی مەرگی فەرشاد دا کەوتم. خەم و خەفەت دایگرتم و بیرەوەریم هاتنەوە یاد. نزیک چل ساڵ بوو، دەمناسی. ئەو کات کوڕێکی رەشتاڵەی کەم دوو بوو، کە دەیانگوت لە ئاڵمان خوێندکار بووە و ئوروپای بەجێ هێشتوە و هاتۆتەوە بۆ پێشمەرکایەتی، هەر بۆیەش زۆرتر بەناوی حەمە ئاڵمانی دەیانناسی. یادی بەخێر حوسێنی سوهەیلیش لەوانە بوو کە نزیک چل ساڵ لەوە پێش ئوروپای بەرەو پێشمەرگایەتی بەجێ هێشت. ئەویش بەدوای ئاشنایی لەگەڵ دوکتور جەعفەری شەفیعی لە هەندەرانەوە هاتبووەوە بۆ کوردستان و بەرگی پێشمەرکایەتی کردە بەر و بوو بە فەرماندە و کادرێکی قابیل. فەرشادیش یەکێک بوو لەو تەوژمە شۆڕشگێڕیە.

خوشکەزای دوکتور داریوشی نەویدی بوو کە لە نزیکەوە دەمناسی. لەوانەیە ئەو خزمایەتیە لەسەرەتاوە یارمەتی فەرشادی کردبێ متمانەی زۆرتری پێ بکەن، بەڵام زۆری پێنەچوو کە حەمە ئاڵمانی رەنگی کوردستان و رەنگی پێشمەرگایتی لێ نیشت و بە کار و بە توانایی خۆی جێی خۆی لە دڵی هەموواندا کردەوە. وام لەبیرە یەکەم جار وەکوو پێشمەرگەی پارێزگاری ناوەندی چاوم پێی کەوت کە ماشێنەکەمانی لێدەخۆڕی. بۆم ناسیاو نەبوو، بۆیە پرسیارم لێکرد کێیە و ئەویش خۆی پێ ناساندم. ئەوە یەکەم ئاشناییمان بوو. یادی بەخێر لەم ساڵانەی دوایی کە لە یۆتێبۆری بووم، زەحمەتی کێشا و بردمی بۆ فڕگەی ئەو شارە. لەو مەودایەدا لەگەڵ یەکی دیکە لە هاوڕێیان لە کورسی پشتەوە قسەمان دەکرد، فەرشاد رووی تێکردم و گوتی: فڵانە کەس، بەخاترجەمی قسەی خۆت بکە و نیگەران مەبە، هەوەڵ جار نیە سواری ماشێنت دەکەم و گوێم لە وتەکانت دەبێ! بەڕاستیش کەسێکی باوەڕپێکراو بوو. دواتر فەرشاد رێی کەوتەوە دەرەوی وڵات و لەوێش سەرلەنوێ هەودای پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵە گرێ دایەوە. هەموو ئەو ساڵانە فەرشاد چالاکێکی ژیر، خاوەن بیروباوەڕ، ئەهلی خوێندنەوە و گوتاری دروست و فارس وتەنی فەرهیختە بوو. بەڕاستی کۆمەڵە و بزوونتەوەی کوردستان کادرێکی قورس و قایم و بەتوانایان لەدەست دا.

هەرچەند نەخۆش بوو، بەڵام بەو حاڵەش بۆ کۆنگرەی پازدە سەری کوردستان دا و دیداری لەگەڵ پێشمەرکەکان نوێ کردەوە. پێشمەرگە تازەکان، هەر ئەو جۆرەی شیاو بوو، بەو پەڕی ڕێز و خۆشەویستی باوەشیان بۆ کردەوە. لای من دەیگوت زۆر خۆشحاڵە و پێی گەشاوەتەوە کە دەزانی جەوانەکان چۆن قەدری دەگرن

پڕ بەدڵ سەرەخۆشی لە شایستە خانم و منداڵەکانی و هەموو بنەماڵەی بەڕێزی کاک فەرشادی موستەوفی و هەموو هاوڕێیانی دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمیان دەزانم.


ئه‌م بابه‌ته 394 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:06:22/12/2019