بەشداری هەیئەتێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە پرسەی مامۆستا "حەمید دەروێش"
ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ سەر لە بەیانی ڕۆژی دوو
شەممە ٤ی نوامبری ٢٠١٩ هەیئەتێکی لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی
ئێرانەوە، لە پرسەی تێکۆشەری دێرینی کورد و سەرۆک پارتی دیمۆکراتی پێشڤەڕۆی کورد
لە سوریە لە شاری سلێمانی، بە سەرۆکایەتی هاوڕێ ساڵح شەریف ئەندامی دەفتەری سیاسی بەشدارییان
کرد.
هاوڕێ ساڵح شەریفی لە سەرەتادا بە
نوێنەرایەتی کۆمەڵەوە سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ لە دەست دانی تێکۆشەری ناسراوی کورد
مامۆستا حەمید دەروێش و دۆستی دێرینی کۆمەڵەی بە بەرپرسان و نوێنەرانی پارتی
پێشڤەڕۆ ڕاگەیاند و هیوایان خواست کە سوورتر لە جاران لە سەر ڕێبازی کاک حەمید
دەروێش لە خەبات و تێکۆشانیان بەردەوام بن.
بەڕێز عەلی شەمدین ئەندامی سەرکردایەتی پارتی
پێشڤەڕۆی کورد لە سوریە و نوێنەری ئەو حیزبە لە هەرێمی کوردستان سپاسی بەشداری
هەیئەتی کۆمەڵەی لەو پرسە و سەرەخۆشی دەربڕی و وێڕای بەرز نرخاندنی پێوەندی گەرم و
دۆستانەی هەر دوو حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و پارتی پێشڤەڕۆی لە قۆناغە جیاجیاکان، کورتە
باسێکی دەربارەی دۆخی کوردستانی سوریە و ڕۆڵی کەسایەتی مامۆستا حەمید دەروێش و
داهاتووی حیزبەکەیان باس کرد.
هەیئەتی کۆمەڵە بریتی بوون لە؛ هاوڕێیان ساڵح
شەریفی و عەبدوڵڵا ئازەربار (ئەندامی دەفتەری سیاسی)، ئیبراهیم محەمەدی (مینە شەم)،
فەرزین کەرباسی، جەماڵ ئەحمەدی و ئەردەڵان فەرەجی (ئەندامی کومیتەی ناوەندی) کە
بەڕێزەوە لە لایەن پارتی دێمۆکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سورییەوە بەڕێ کران.
ئهم بابهته 2054
جار خوێنراوهتهوه
PM:02:00:04/11/2019