په‌نجا ساڵ له‌وه‌ پێش، له‌م رۆژه‌دا

عەبدوڵڵا موهتەدی

ئه‌وڕۆ پێنجی خه‌زه‌ڵوه‌ره‌. په‌نجا ساڵ له‌وه‌ پێش، ڕێك له‌ وه‌ها رۆژێكدا، واتا له‌ پێنجی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ١٣٤٨ی هه‌تاوی، كه‌ ده‌كاته‌ بیست و حه‌وتی مانگی ئۆكتۆبری ساڵی ١٩٦٩ی زاینی، به‌ردی بناغه‌ی رێكخراوێكی سیاسی داندرا كه‌ چاره‌نووسی وابوو هه‌موو قه‌ڵه‌مڕه‌وی سیاسه‌ت و خه‌باتی سیاسی له‌ كوردستان بگۆڕێت و پێناسه‌یه‌كی نوێ و ڕه‌وتێكی نوێ له‌ بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و جه‌ماوری گه‌لی كورد دا بخوڵقێنێ.
له‌و رۆژه‌دا دوو شانه‌ی سه‌ره‌تایی ڕێكخراوێك پێك هات كه‌ دواتر له‌ مێژووی كوردستاندا به‌ناوی كۆمه‌ڵه‌ ناوی ده‌ركرد. ئه‌و شه‌ش كه‌سه‌ هه‌موویان خوێندكاری كوردی زانستگاكانی تاران و دانیشتووی ئه‌و شاره‌ بوون. ئه‌وان بریتی بوون له‌: فوئادی مسته‌فا سوڵتانی، حه‌مه‌ حوسێنی كه‌ریمی، سه‌دیق كه‌مانگه‌ر، ئیره‌ج فه‌رزاد، موسلیح شێخولئیسلامی و عه‌بدوڵڵای موهته‌دی. له‌ رۆژانی دواتر و له‌ درێژه‌ی هه‌مان پرۆژه‌دا ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش‌ به‌ هه‌مان شێوه‌له‌ شاره‌كانی كوردستان خۆیان ڕێكخست، له‌وانه‌ شوعه‌یب زه‌كه‌ریایی، ساعید وه‌ته‌ندۆست و یه‌دوڵڵا بیگله‌ری. ئاماده‌كاری و كۆبوونه‌وه‌ و ته‌گبیر و ڕا و شه‌ونخوونیه‌كان له‌ چه‌نده‌ها مانگ و بگره‌ له‌ ساڵێك له‌وه‌ پێشه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌كرا. هه‌م نزیكی فكر و بیروباوه‌ڕ ، هه‌م لێبڕاوی و خۆبه‌ختكاری كه‌سه‌كان به‌گوێره‌ی تێگه‌یشتن و پێوه‌ره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌م له‌ محه‌ك درابوو، هاوڕێیه‌تی و په‌یوه‌ندی عاتیفی پته‌ویش دامه‌زرابوو. هه‌مووان هه‌ستمان به‌ به‌رپرسایه‌تیه‌كی گه‌وره‌ی مێژوویی ده‌كرد.
له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگدا، ئه‌گه‌ر چاكم له‌بیر مابێ، رێكخره‌وكه‌مان نزیكه‌ی بیست ئه‌ندامی له‌خۆ گرتبوو. هه‌ر له‌ یه‌ك دوو مانگی هه‌وه‌ڵدا په‌یمان به‌وه‌ برد كه‌ ئه‌و كاره‌ ناوه‌ندێكی ره‌هبه‌ری و به‌ڕێوه‌ بردنی ده‌وێت، بۆیه‌ یه‌كێك له‌ شانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانمان كرد به‌ مه‌ركه‌ز یان ناوه‌ند. ئه‌و ناوه‌نده‌ چوار كه‌سیه‌ كه‌ بریتی بوون له‌ فوئاد (كه‌ له‌ هه‌ر دووك شانه‌كه‌دا ئه‌ندام بوو)، حه‌مه‌ حوسێن، عه‌بدوڵڵا و موسلیح، بۆ چه‌ند مانگ كاری كرد، دواتر به‌ كۆمه‌ڵێك هۆكار بوو به‌ سێ كه‌سی و بۆ ساڵانێكی زۆر و تا كاتێك كه‌ هه‌لومه‌رج بۆ به‌ستنی كۆنفرانس و هه‌ڵبژاردنی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ڕه‌خسا، ئه‌و سێ كه‌سه‌ وه‌كوو ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ مانه‌وه‌. له‌ پایزی ساڵی ١٣٥٧، یان ١٩٧٨ی زاینی، بۆ یه‌كه‌م جار ئێمه‌ بووینه‌ خاوه‌نی ناوه‌ندێكی هه‌ڵبژێردراو.
مێژوو بۆ باس كردن زۆره‌، له‌م په‌نجا ساڵه‌شدا به‌ هه‌زاران و ده‌یان هه‌زار تێكوشه‌ر ئه‌م ڕێبازه‌یان هه‌ڵبژاردوه‌ و مه‌شخه‌ڵی نووری به‌ره‌و‌ ڕێی دووریان بۆ ‌ڕووناكی به‌خشین به‌ كوردستان به‌رز ڕاگرتووه‌، به‌‌ڵام له‌م یاده‌دا پێشه‌كی ده‌مه‌وێ سڵاوێك بنێرم بۆ هه‌موو دامه‌زرێنه‌ران و ئه‌ندامانی سه‌ره‌تایی كۆمه‌ڵه‌ و سه‌ری ڕێز له‌ ئاست سێ هه‌زار  گیانبه‌ختكردووی ئه‌و ڕێباره‌ به‌تایبه‌ت سێ شه‌هیدی دامه‌زرێنه‌ر: فوئاد و حه‌مه‌حوسێن و سه‌دیق دانه‌وێنم، هه‌روه‌ها سڵاو و ڕێزی گه‌رمی خۆم بنێرم بۆ هه‌موو تێكوشه‌رانی دێرینی ڕێبازی كۆمه‌ڵه‌ كه‌ به‌ ئه‌رك و ماندوو بوونی خۆیان كۆمه‌ڵه‌یان له‌ رۆژه‌ سه‌خته‌كاندا پاراست و ده‌سكه‌وته‌ مێژووییه‌كانیان بۆ ده‌سته‌به‌ر كرد. دواتریش ده‌ستی هه‌موو هاوڕێیانی نه‌سلی تازه‌ی خه‌باتكار ده‌گووشم كه‌ به‌ هه‌مان هه‌ست و تین و به‌ هه‌مان وره‌ و ئیراده‌وه‌، هه‌ڵگری په‌یامی رزگاریبه‌خشی كۆمه‌ڵه‌ له‌ سه‌رده‌می ئه‌وڕۆ دان.

ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:10:28/10/2019