ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە بۆنەی ماڵئاوایی کردن لە ژیانی مامۆستا عەبدولحەمید دەروێش


بەداخەوە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ی زایینی کەسایەتی سیاسی دیاری کوردستانی ڕۆژئاوا مامۆستا عەبدولحەمید دەروێش سەرۆکی پارتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سوریا لە شاری قامیشلۆ لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

مامۆستا حەمید دەروێش کەسایەتی سیاسی کوردستانی ڕۆژئاوا زیاتر لە ٥٠ ساڵ لە ژیانی خۆی بۆ خەبات و تێکۆشان بۆ سەرخستنی دۆزی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا تەرخان کرد و جگە لەوەش کەسایەتی خۆشەویست و خەمخۆری دۆزی کورد بوو لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان.

کاک حەمید هەر لە سەردەمی گەنجێتییەوە و ئەو کاتەی کە خوێندکار بوو لە زانستگای شام دەستی بە کار و چالاکی سیاسی کرد و لەو پێناوەدا بێ دابڕان و ماندوو نەناسانە لە خەبات و تێکۆشانی سیاسی تا دوا ساتەکانی ژیانی بەردەوام بوو. کاک حەمید دەروێش ساڵی ١٩٥٧ یەکەم حیزبی سیاسی کوردی لە کوردستانی ڕۆژئاوا دامەزراند و لەم ماوە دوور و درێژە لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی ڕەوای گەلەکەی بووە لە ڕۆژئاوا.

مامۆستا حەمید دەروێش لایەنگری تەبایی و هاوکاری هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا و باقی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی سوریا بوو بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافەکانی گەلەکەی و جێگەی ڕێزی نەک هەر کوردانی ڕۆژئاوا بەڵکوو هەموو ئازادیخوازانی سوریا بوو

مەرگی کاک حەمید دەروێش ئەم پیاوە بە ئەزموون و کەسایەتییە بەرجەستەیەی ڕۆژئاوا لەم دۆخەی ئێستای کوردستانی ڕۆژئاوا کە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە بە دۆخێکی سەخت و دژوار دا تێدەپەڕێ، خەسارێکی گەورەیە بۆ گەلی کورد لەو پارچەیە لە کوردستان

جێی ئاماژەیە کە مامۆستا عەبدولحەمید دەروێش دۆست و هاوڕێ و خەمخۆری دۆزی کورد بوو لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی پێوەندییەکی گەرم و توند و تۆڵی لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوو. لە دەست چوونی کاک حەمید دەروێش خەمێکە کە تەنیا هەر هی هاوڕێیانی لە پارتەکەی خۆی و خەڵکی کوردستانی ڕۆژئاوا نییە، بەڵکوو ئێمە وەک کۆمەڵەش ئەم خەمە بە خەمی خۆمان دەزانین. کۆمەڵە وێڕای ڕێز لێنان لە خەبات و تێکۆشان و ماندوو نەناسی مامۆستا عەبدولحەمید دەروێش سەرەخۆشی لە هاوڕێیان و بە تایبەتی هەڤاڵانی لە پارتی دێموکراتی پێشکەوتنخوازی (پێشڤەرۆ) کورد لە سوریا دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.


کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ی زایینی

٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاویی


ئه‌م بابه‌ته 183 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:01:11:25/10/2019