پەیامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بە بۆنەی؛ ١ی مەی ڕۆژی جیهانی هاوپشتیی چینی کرێکار

سەرەتا بەناوی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و لە لایەن هەموو ڕیزەکانی کۆمەڵەوە پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لەهەموو کرێکارانی کوردستان و ئێران، بنەماڵەکانیان و چالاکانی کرێکاری دەکەین و هیواخوازین ساڵی داهاتوویی بەردەم خەباتی بزووتنەوەی کرێکاری، ساڵێکی پڕ دەسکەوت بێت و ئەم چینە بەر بەرینە بەپتەوکردنی ڕیز و ئیرادەی خۆیان، هاوتەریب لەگەڵ باقی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی زیندووی کوردستان، هەنگاوی گەورە لە پێناو دابینکردنی بژیوی ژیانیان و باشتر کردنی گوزەرانیان هەڵبگرن.

ئەمساڵ لە کاتێکدا بەرەوپیری ڕۆژی ١ی مەی ڕۆژی جیهانی کرێکاران دەچین، کە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە خراپترین دۆخی مێژوویی لە بواری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیدایە.» سپا تیرۆریستەکەی» کە چل ساڵە خەڵکی ئێران و بە تایبەتی ڕۆڵەکانی کوردستان تیرۆر دەکات، بەڕەسمی وەک گرووپێکی تیرۆریستی لە دنیادا ناسراوە، گەمارۆکانی سەر ئێران بۆ دەستبەردار بوونی لە پرۆژە زیانبارە خوێناوییەکانی لە ناوخۆ و دەرەوە کاراتر کراونەتەوە. ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ژێر ١ میلیۆن دادەبەزێت، لە کاتێکدا دەوڵەت بودجەی ئەمساڵی بە پشت بەستن بە فرۆشی ڕۆژانە یەک میلیۆن و پێنج سەد هەزار بۆشکە بەستووە، بێ کیفایەتی لە مودیرییەتی قەیرانی پێش باران و پاش بارانەکانی ئەمساڵ و هەستانی سێڵاو و لافاو کە بە پێی ئاماری خودی کاربەدەستانی ڕژیم ٥٣ هەزار میلیارد تمەن زیانی لە خەڵکی لێقەوماو داوە کە ئەمە لە بودجەی ئەمساڵی دەوڵەت دا لەبەر چاو نەگیراوە و تەنانەت داوای "ڕووحانی” بۆ تەرخان کردنی ئەو بڕە پارەیە لە سندووی پاشکەوتی ئێران لە لایەن "خامنەیی”ـەوە ڕەت کرایەوە. بە پێی هەواڵەکان تا دێت ڕێژەی خەسارەت و زیانەکانی ئەو سێڵاوانە بەرزتر دەبێتەوە، هێرشی «کولـلە» لە باشووری ئێرانەوە مەترسی جیددی بۆ سەر ئەمنییەتی خۆراکی ئێران خولقاندووە، کەمتەرخەمی و بێ توانایی کۆماری ئیسلامی لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ لێقەوماوانی سێڵاوەکانی ئەمساڵ، ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکانی بەهێزتر کردووە.

بە پێی ئاماری سندووی نێونەتەوەیی پووڵ گەشەی ئابووری ئێران نەک هەر نەبووە، بەڵکوو ٦ دەرسەدیش دابەزیوە. وەزیری ئابووری کۆماری ئیسلامی دانی بەوەدا ناوە کە ڕێژەی هەڵاوسان و بە واتا خۆماڵییەکەی واتە گرانی، لەمساڵدا دەگاتە ٥٠ دەرسەد. . بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و لە پەستا داخرانی ناوەندەکانی بەرهەم هێنان لە ئەنجامی سیاسەتە هەڵە و چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی و پەیوەست بوونی کرێکارانی خاوەنکار بە خێل و لەشکری بەرفراوانی بێکاران ڕەنگە زیاتر لە هەر شتێک، پێناسەی دۆخی خراپی ئابووری و ژیان و گوزەران بێت لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. ساڵی پار ئامارەکان باسیان لە ژیان و گوزەرانی زیاتر لە ٣٦ میلیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاریان دەکرد لە ئێران، ئەگەرچی لە ئێستا ئامارێکی ورد لەوبارەوە لە بەردەست دا نییە، بەڵام بە لێکدانەوەی دۆخی ئابووری ئێستای ئێران، ، بێ گومان ئەم ڕێژەیە لە هەڵکشاندا بووە و ئەمڕۆکە خەڵكێکی زۆرتر لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

گەشە و گەشانەوەی ئابووری هەر کۆمەڵگایەک بەندە بە ئامادەیی کرێکاران لە شوێنی کارەکانیان و چالاک و کارابوونی ناوەندەکانی بەرهەم هێنان، بەڵام بە پێچەوانە ئەمڕۆکە لە ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زۆرتر کرێکاران لە شوێنی کارەکانیان دەردەکرێن، سەرباری ئەوانەش ساڵانە بە هۆی کەمتەرخەمی و بێ بەرنامەیی و سیاسەتی ڕانتی ئابووری کۆماری ئیسلامی بە میلیۆنان گەنجی ئامادە بەکار لە پەستا بە ڕیزی لەشکری بەرینی بێکاران پەیوەست دەبن.

ئەو ڕێژە کەمە لە کرێکارانیش لە هەموو لایەکەوە لە ژێر گوشار دان. ساڵانە لە کۆتایی مانگی ڕەشەمە نرخی حەقدەستی کرێکاران بە ئامادە بوونی نوێنەری دەوڵەت و خاوەنکاران و نوێنەری کرێکاران دیاری دەکرێت. بۆ هەمووان ڕوونە کەنیزامی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتەکانی هەموو کات پشتیوانی خاوەنکار بوون لە بەرامبەر کرێکاراندا و حەقدەستی کرێکاران بە پێی ستانداردەکانی خودی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کەفافی ژیانێکی ئاسایی ناکات و هەموو بنەماڵەیەکی ٣ کەسی کرێکاری، ئۆتۆماتیکییەن لە ژێر هێڵی هەژاری دا دەبن.

زۆرجاران و وەک ڕووتینێکی لێ هاتووە کە ئەو بڕە حەقدەستە کەمەی کرێکارانیش بە چەندین مانگ وەدوا دەکەوێت و یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی کرێکاران، وەرگرتنی حەقدەستە دواکەوتووەکانیانە.نەبوونی ئیمینی لە شوێنی کار، یەکێکی تر لەو کێشانەن کە کرێکاران ڕۆژانە لەگەڵی دەستەویەخەن و ڕۆژ نییە هەواڵی مەرگ و گیان لە دەست دانی چەندین کرێکار لە شوێنی کارەکانیان بڵاو نەبێتە و دڵی هەموو دڵسۆزێکی بزووتنەوەی کرێکاری و بنەماڵەکانیان نەسووتێنێت.

بوونی ڕوانگەیەکی ئەمنییەتی و سیاسی بەرامبەر بە خواست و داواکارییە بەرحەقەکانی کرێکاران لە لایەن کۆماری ئیسلامی و دام و دەزگا داپلۆسێنەرەکانی گرفتی سەرەکی کرێکاران و چالاکانی کرێکارییە. دژایەتی دام و دەزگاکانی ڕژیم لە هەناوی سەرکوتگەری ئەو ڕژیمە بەرامبەر بە کرێکارانەوە سەرچاوە دەگرێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەنانەت ڕژیمێکی سەرمایەداریش بەو مانایە نییە، چونکا هەر دەسەڵاتێکی سەرمایەداری ئەولەوییەتی یەکەمی بە «بەرهەم هێنانە»، بەڵام دەبینین کە کۆماری ئیسلامی لە پەستا کارگە و کارخانەکان دادەخات و هەموو مەیلی ئەو سیاسەتە ئابوورییە ڕانتییەیە، بۆ هەرچی زۆرتر دزین و بە تاڵان و تاراج بردنی سەروەت و سامانی خەڵک.

خواست و داواکاری کرێکاران بە خواست و داواکاری سیاسی لێک دەداتەوە و سەرباری یاسا دژە کرێکارییەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی، بچووکترین هەوڵی کرێکاران بۆ پێک هێنانی شوورای سەربەخۆی خۆیان سەرکوت و دەمکوت دەکرێت. چالاکانی کرێکاری دەستگیر و دەست بەسەر دەبن و ئەشکەنجە دەدرێن.

هەموو ئەمانە لە لایەک، ئەمڕۆکە دەبینین کە حەشیمەتێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان پەرەوازە دەبن و ڕوو دەکەنە شار و ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان، یان خود لە سەر سنوورەکان دەبن بە کۆڵبەر.» کۆڵبەری» جگە لە ڕەهەندە جەستەییەکەی کە کارێکی زەحمەت و ئەستەمە بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە، بەڵام بۆتە مەیدانێکی جەنگ و ڕۆژانە چەندین کۆڵبەر بە تەقەیڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی شەهید دەکرێن. ئەم ڕێژە زۆرە لە خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان کە ژیان و گوزەرانیان لە ڕێگەی ئەم کارە قورسانەوە دابین دەکرێن، هیچ یاسای کرێکاری نایانگرێتەوە. جیا لەوانەش بوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە منداڵانی کار لە کارگە و کورەخانەکان و لە کاتی ئەنجامی کاری قورس و تاقەت پرووکێن، کە دەبێت لە مەدرەسە و سەر پۆلەکانی دەرس یان لە یاریگاکان بن و چێژ لە سەردەمی منداڵییان ببەن، دیمەنی دزێوی دۆخی ژیانی کرێکاران و خەڵکی بەش مەینەتی ئێرانە. جیاوازی نێوان حەقدەست بۆ ژنان لە چاو پیاوان ڕەهەندێکی دیکەی سیستمی نادادپەوەر و دژە مرۆیی دەسەڵاتی سیاسی ئێران دەردەخات. ئامادە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە پیر و بەساڵاچووانەی کە تەمەنیان سەروو ٦٠ ساڵ و ٧٠ ساڵە لە مەیدانە کرێکارییەکان و نەبوونی تەمەنی خانەنشینی بۆیان، کە دەبێت پاش ساڵانێک ڕەنج و زەحمەت و کوێرەوەری، باقی ژیانیان بحەسێنەوە دیمەنێکی تر ناشیرینی سیستمی سیاسی کۆماری ئیسلامییە.

فارس وتەنی مەرسییە خوێندن بۆ دۆخی ئابووری و ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێران بە گشتی و کرێکاران بە تایبەتی کۆتایی بۆ نییە، بەڵام ئەنجام و ڕێگەچارە بۆ دەرباز بوون لەم قەیرانانە و ئەم دۆخەی کە خەڵکی ئێرانی تێدا قەتیسە چییە؟ بێ گومان سەبەبکاری سەرەکی و خولقێنەری ئەم دۆخە ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. خەڵکی ئێران بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە ئاڵۆز و بەرفراوانانە چارەیەکی دیکەیان جگە لە تێکەوە پێچانی ئەم ڕژیمە نگریس، دژە مرۆیی و سەدە ناوەڕاستییە نییە. گۆڕان لە دۆخی ئابووری ئێران بە بێ گۆڕانی گەورە و جیددی لە سیاسەتی ئێران دا نایەتە دی و ڕێگەی ئەم گۆڕانەش بە بازدان بە سەر تەرمی کۆماری ئیسلامییەوە تێپەڕ دەبێت.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ وەک ڕێبەری باڵی چەپی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ،هەموو کات پشتیوانی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی کرێکاری بووە لە کوردستان و لەو بڕوایەدایە کە لێک هەڵپێکان و یەکگرتوویی بزووتنەوە سیاسی و مەدەنی و سێنفییەکان کۆی بزووتنەوەی گشتی کوردستان بەهێزتر دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش لە هیچ هەوڵێک لەو پێناوەدا درێغی نەیکردووە و نایکات بە پێچەوانە بە ئیبتکار و داهێنانەکانی، خۆی بە ڕێبەر و ڕێکخەر و پێشەنگ و یارمەتیدەر و پشتیوان ئەو بزووتنەوانە دەزانێت.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ وەک هەمیشە خۆی بە پشتیوان و داکۆکیکاری ڕاستەقینەی مافە ڕەوا و بەرحەقەکانی کرێکاران لە کوردستان دەزانێت. پشتیوانی لە مافە سێنفییەکانی کرێکاران هەر لە ڕەخساندنی هەلی کار و دابین بوونی حەقدەستی گونجاوەوە بگرە تا ئازادی چالاکی سێنفی و ڕێکخراوەیی کرێکاران و کۆتایی هاتن بە گرتن و ئەشکەنجە و ئازاری کرێکاران و چالاکانی کرێکاری، تا پارێزراوی و ئەمنییەتی شوێنی کار و جێگیر بوونی یاسای پێشکەوتنخوازانەی سەردەمییانە بۆ چەسپاندنی مافی کرێکاران لە یاسایی بنەڕەتی وڵاتدا لە گەڵ کرێکاران و بۆ کرێکارانە.

ئاراستەی ڕووداوەکان ڕووەو لاوازی و دابەزینی هێزی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی دەڕوات، ئەمە هەل و دەرفەتێکی زێڕین و مێژووییە بۆ هەموو خەڵکی بەشمەینەتی ئێران و لە سەروو هەموویانەوە کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ تێکەوە پێچانی یەکجارەکی نیزامی دژە کرێکاری و دژە مرۆیی کۆماری ئیسلامی. ڕۆژی ڕووخانی دەسەڵاتی نگریس و دژە کرێکاری کۆماری ئیسلامی نزیکە.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە ١ی مەی ڕۆژی جیهانی هاوپشتی کرێکاران لە هەموو کرێکارێکی کوردستان، بنەماڵەکانیان، لە چالاکان و هەڵسووڕاوانی کرێکاری و بە گشتی هەموو خەڵکی زەحمەتکێش و چەوساوەی کوردستان پیرۆز دەکەین.

بە یەکێتی و هاوخەباتی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەدەر دەنێین و ڕێگە بۆ وەدیهاتنی ئازادی و دادپەروەری هەموار دەکەین.

نا بۆ چەوسانەوە، بەڵێ بۆ ئازادی

سەرکەوێ بزووتنەوەی ڕەوای کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

١ی مەی ٢٠١٩ی زایینی

١١ی گوڵانی ١٣٩٨ی هەتاوی


ئه‌م بابه‌ته 909 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:07:07/05/2019