ئاگری نەوڕۆزی «سەمای ئازادی» لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە هەڵکرا!


ئاسۆی ڕۆژهەڵات/

دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی مارس ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەشەممە ١٣٩٧ی هەتاوی ڕێ و ڕەسمی هەڵکردنی ئاگری نەورۆز لە بارەگای ناوەندی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.

ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشداری سکرتێری گشتیی کۆمەڵە، هاورێ عەبدوڵڵا موهتەدی، نوێنەری حیزب و لانەیە سیاسییەکان، ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵە، کۆمەڵێک لە دۆستان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی کۆمەڵە بە سروودی «ساڵی تازە نەورۆز هاتەوە» و چەند ساتێک بە بێ دەنگی بە پێوە وەستان بۆ ڕێزگرتن لە یادی و بیرەوەری سەرجەم شەهیدان و گیانبەختکراوانی بزووتنەوەی ڕێگای ئازادی و ڕزگاری کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر داوا لە هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە کرا بەو بۆنەیەوە وتەیەک پێشكەش بکات. هاوڕێ عەبدوڵڵا لە وتەکەی دا وێڕای پیرۆزبایی کردن نەورۆز و ساڵی تازە لە هەموو بەشداربووان، بنەماڵە سەربەرزی شەهیدان، زیندانیان و تێکۆشەرانی سیاسی و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان، هیوای خواست کە ئاگری نەورۆز لە سەر قەڵای ڕووخاوی ئیستبداد لە ئێران و لە کوردستانێکی ئازاد دا ڕێ و ڕەسمی هەڵکردنی ئاگری نەورۆز بکەینەوە.

دواتر هاوڕێ فەرزین کەرباسی ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە پەیامی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی بە بۆنەی نەورۆز و داواکاری ئەو ناوەندەی بۆ بەڕێوەبردنی ڕێ و ڕەسمە نەورۆزییەکان لە ناوخۆی وڵات ڕوو لە بەشداربووان خوێندەوە.

گرووپی هەڵپەڕکێی لاوانی ڕۆژهەڵات تابڵۆیەکی هونەری هەڵپەڕکێی کوردەوارییان پێشکەش بە بەشداربووان کرد. پاشان داوا لە کۆمەڵێک لە کەسایەتییەکانی بەشدار لە ڕێ و ڕەسمە کرد کە ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ هەڵکەن. گرووپێک لە کچان و کوڕانی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە مەشغەڵی ئاگرەکەیان دایە دەست ئەو کەسایەتییان و ئەوانیش پێکەوە ئاگری نەورۆزییان هەڵکرد.

بەشی یەکەمی ڕێ و ڕەسمەکە بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز کۆتایی هات و بەشدار بووان پاش وچانێکی کورت و نەورۆز پیرۆز کردن لە یەکدی لە دەوری ئاگری نەورۆز کردیان بە شایی و هەڵپەڕکێ و تا درەنگانی ئێوارێ ئەم ئاهەنگە بەردەوام بوو.


ئه‌م بابه‌ته 502 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:09:28:04/04/2019